عیراق.. 70 كه‌سی تر به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا

29/09/2020 عێراق

نه‌وا
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق رایگه‌یاند، له‌ 24 كاتژمێری رابردوودا 70 كه‌سی تر به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌نراوه‌، زۆرترین ژماره‌ی مردن له‌سه‌ر ئاستی عیراق له‌ پارێزگای سلێمانی تۆمار كراوه‌ كه‌ 19 حاڵه‌ت بووه‌ و دهۆكیش كه‌ 10 حاڵه‌تی مردنی تێدا تۆمار كراوه‌ له‌ پله‌ی دووه‌مدایه‌ و به‌ گشتی له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم و كه‌ركوك 36 حاڵه‌تی مردن تۆماركراون.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌ 24 كاتژمێری رابردوودا چوار هه‌زار و 724 حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به‌ كۆرۆنا تۆمار كراون و چوار هه‌زار و 28 تووشبووش چاكبوونه‌ته‌وه‌.
تائێستا له‌سه‌رتاسه‌ری عیراق 358 هه‌زار و 290 حاڵه‌تی تووشبوون به‌ كۆرۆنا تۆمار كراون، كه‌ نزیكه‌ی 289 هه‌زار كه‌سیان چاكبوونه‌ته‌وه‌ و نۆ هه‌زار و 122 كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group