وته‌بێژی حكومه‌تی عیراق: داخستنى هه‌ر نوێنه‌رایه‌تییه‌كی دیپلۆماسى كاره‌ساتبار ده‌بێت

30/09/2020 عێراق

نه‌وا
ئه‌حمه‌د مولا ته‌ڵاڵ وته‌بێژى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق ده‌ڵێت "كشانه‌وه‌ یاخود داخستنى هه‌ر نێرده‌یه‌كى دیپلۆماسى هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كاریگه‌رى كاره‌ساتبارى بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌ ده‌بێت"، ته‌ئكیدیشده‌كاته‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ تۆمه‌تبارانی هه‌ڵدانی موشه‌كه‌كان و 20 به‌رپرسیش له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌ستگیركراون.
ئه‌حمه‌د مولا ته‌ڵالأ له‌ پرێس كۆنفرانسی دوای ته‌واوبونی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق وتى "مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران ته‌ئكیدیكردوه‌ته‌وه‌ عیراق و حكومه‌ته‌كه‌ى ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ وڵات ببێته‌ مه‌یدانى كێشمه‌كێشه‌كانى ئه‌مریكا و ئێران، هه‌روه‌ها واشنتۆن و تارانیش پاڵپشتیى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ده‌كه‌ن".
باسى له‌وه‌شكردوه‌، بڕیارى جه‌نگ و ئاشتى له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كانى عیراقه‌، هه‌روه‌ك مسته‌فا كازمى ته‌ئكیدى له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌ له‌ عیراقدا داگیركه‌ر بونى نییه‌ و هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر داواكارى حكومه‌ته‌كانى پێشو هاتون، بۆیه‌ سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانى راسپاردوه‌ هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ پاراستنى نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان.
هه‌روه‌ها وته‌بێژى حكومه‌تی عیراق ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ژماره‌یه‌ك له‌ هه‌ڵده‌رانى موشه‌كه‌كانیان ده‌ستگیركردوه‌، 19 ئه‌فسه‌رى ئه‌منییش ده‌ستگیركراون، كه‌ پێشتر موشه‌ك له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه‌ هه‌ڵدراون، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه‌ش 20 به‌رپرس به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى دارایى و ئیداریى ده‌ستبه‌سه‌ركراون.

لەلایەكی دیكەوە لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی پابەندبونی حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنەی ماوەیەك لەمەوبەر لەنێوان هەردوولا كرا، رایگەیاند "پابەندبوونەكان دوولایەنەن، رێككەوتنێكی سیاسییە بۆ قۆناغێك كە ماوەیەك پێش ئێستا لەنێوان هەردوولادا كراوە و پابەندبوونی هەردوولایەنی دیارییكردووە".
وتیشی "حكوومەتی عێراق پابەندبووە بە خەرجكردنی بڕی 320 ملیار دینار مانگانە بەمەبەستی دابینكردنی بەشێكی گرنگی مووچەی گەلەكەمان لە كوردستان، ئەمە پابەندبوونە لەسەر حكوومەتی عێراق، لە بەرامبەردا چەندین پابەندبوون لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە بەڵێنی داوە سەبارەت بە سەرپەرشتیكردن و دابینكردنی مافی دەستووری حكوومەتی عێراقی لە سەرپەرشتیكردنی دەروازە سنوورییەكان و هەناردەكردنی نەوت، بۆیە پابەندبوونی دوولایەنە هەیە، ئەمەش دەگوازرێتەوە بۆ بوودجەی ساڵی 2021 لەگەڵ هەمواركردنێكی كەمدا، بەپێی ئەو رێككەوتنە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبونەكانی جێبەجێبكات، كە نزیكەی مانگ و نیوێك لەمەوبەر كراوە".



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group