ترامپ و بایدن كامیان ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا پەسند دەكات؟

30/09/2020 جیهان

نەوا
لە یەكەم دیبەیتی پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، دۆناڵد ترامپ كاندیدی كۆمارییەكان و جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان 90 خولەك روبەڕوی یەكتربونەوە و هەموو جۆرە وشەیەكی تۆمەتباركردن و سوكایەتیكردن بەیەكتریان بەكارهێنا.
یەكەم دیبەیت لە زانكۆیەكی كلیفلاندی ئۆهایۆ بەڕێوەچو، كە لەلایەن كریس واڵاس پێشكەشكاری كەناڵی فۆكس نیوزەوە بەڕێوەبرا و دوو دیبەیتی تریش ماوە و دواتر لە 3ی مانگی 11ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجامدەدرێت.
لە خولەكەكانی سەرەتای یەكەم دیبەیتدا، كە درەنگانی شەوی رابردو بە كاتی كوردستان بەڕێوەچو، بەهۆی سیستمی چاودێریی تەندروستییەوە ترامپ و بایدن هێرشیانكردەسەر یەكتر.
پاشان لەسەر پرسە گرنگەكانی دیكەی ئەمریكا قسەیان بە یەكتری وت، تەنانەت بایدن بە درۆزن و توتكە سەگ هێرشیكردەسەر ترامپ، لە بەرانبەریشدا كاندیدی كۆمارییەكان بە كاندیدی دیموكراتەكانی وت "كێشەی زیرەكی هەیە، هەرگیز زیرەك نەبوە، تەنانەت 47 ساڵە لە سیاسەتدا هیچ شتێكی نەكردوە".
هەروەها ترامپ، كوڕەكەی جۆ بایدنی بە ئالودەی مادەی هۆشبەر تۆمەتباركرد و وتی "بەهۆی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە پاش ساڵێك لە خزمەتی سەربازی، دەركراوە".
لە وەڵامی پرسیاری قبوڵكردن و پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش، جۆ بایدن بەڵێنی دا پەسندی بكات هەرچییەك بێت، ئەگەر بردیشییەوە دەبێتە سەرۆكی هەم دیموكراتەكان و هەم كۆمارییەكان وەك یەك. بەڵام دۆناڵد ترامپ وەڵامی پرسیارەكەی نەدایەوە و بە گومانەوە لە پرۆسەكە دەڕوانێت، كە دەنگدان بە پۆستە دەبێت، تەنانەت وتی "بەشێوەیەك ساختەكاری دەكرێت، كە پێشتر نمونەی نەبوە، دەركەوتنی ئەنجامەكانیش چەند مانگێك دەخایەنێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group