نێچیرڤان بارزانی: ئەوانەی هێرشی تێكدەرانە ئەنجامدەدەن دوژمنی هەموو عیراقن

01/10/2020

نەوا

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەو شەش موشەكەوە بڵاوكردەوە، كە شەوی رابردو ئاراستەی هەولێر كران.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:

كاتژمێر 8:30ی شەوی ڕابردوو گرووپێكی تێكدەر شەش مووشەكی لە ناوچەی بەرتڵەی پارێزگای مووسڵەوە، ئاراستەی بنكەی هاوپەیمانان لە هەولێر كرد، خۆشبەختانە هیچ زیانێكیان نەبوو.
لە كاتێكدا ئەو هێرشە بە دەستدرێژی بۆ سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەكانی لە شەڕی دژی تیرۆردا دەبینین، لە هەمان كاتدا لەو باوەڕەداین كە دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەوڵەكانیان بكەنە یەك بۆ ڕێگرتن لە هەموو كارێكی تێكدەرانەی هەموو گرووپە ئاژاوەگێڕ و تێكدەرەكان.
دەبێت قوربانییەكانی پێشمەرگە و هەموو هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانان هاندەرمان بن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەموو عێراق و هەموو باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەكانی جیهان لە عێراق، هەروەها دەبێت بە باشترین شێوە هەوڵی هێنانەكایەی سەقامگیری بدەین لەو دۆخە خراپە ئابوورییەی بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەسەر خەڵكی وڵاتەكەمان و جیهاندا هاتووە.
ئەوانەی هێرشی تێكدەرانە ئەنجام دەدەن دوژمنی هەموو عێراقن و دەبێت هەموو هێزە عێراقییەكان بە یەكدەستی بەرەنگاریان ببنەوە و ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، ئێمەش بەمەبەستی دروستكردنی ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێز مستەفا كازمی ئامادەی هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكین كە دڵنیاین لەپێناو ئارامی و سەقامگیریدا هەموو هەوڵێك دەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group