بەرپرسێكی پێنتاگۆن: لە هێرشەكەی هەولێردا سێ موشەك بەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا كەوتوە

01/10/2020

نەوا
بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا "پێنتاگۆن" ئاشكرایكرد، لەو شەش موشەكەی شەوی چوارشەممە لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كەوتنەخوارەوە، سیانیان بەر ئەو بنكە سەربازیە كەوتوە، كە هێزەكانی ئەمریكای تێدایە.
تۆڕی CNNی ئەمریكی لەزاری بەرپرسێكی پێنتاگۆنەوە بڵاویكردوەتەوە، بەپێی ئاماژە سەرەتاییەكان سێ‌ موشەك لەو بنكە سەربازیەی پارێزگای هەولێر كەوتونەتەخوارەوە، كە هێزەكانی ئەمریكای تێدایە، موشەكەكانی دیكەش كەوتونەتە دەرەوەی سەربازگەكە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تائێستا راپۆرت سەبارەت بە بونی كوژراو و بریندار یاخود زیانەكانی هێزەكانی ئەمریكا بونی نییە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی CNN، ئیدارەی ئەمریكا دڵنیابوەتەوە لەوەی موشەكەكانی هێرشەكەی سەر هەولێر لەوانەی پێشتر بۆ پەلاماردانی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بەكاردەهێنران، گەورەترن.
لەو روانگەیەشەوە بەرپرسەكەی پێنتاگۆن وتویەتی "ئەو هێرشە جێی نیگەرانییە، بەهۆی ژمارەی موشەكەكان و ئەگەری بەكارهێنانی چەكی مەودا فراوانتر".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group