كازمی: په‌رۆشین بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ روسیا

26/10/2020 عێراق

نه‌وا
سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی روسیا جه‌ختی له‌ خواستی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ مۆسكۆ كرده‌وه‌.
نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا باسی له‌وه‌كردووه‌: كازمی پێشوازیكرد لە ئەلكسەندەر لافرنتییف، نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیای فیدڕاڵ و میخائییل میزینتسیف، سەرۆكی سەنتەری نیشتمانیی ئیدارەی كاروباری وەزارەتی بەرگری روسیا، لەمیانی دیدارەكەدا،  نێردەی تایبەتی روسیا رایگه‌یاندووه‌، كە سەركردایەتی روسیا خوازیارە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو پێشەوە پچێت. 
لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ نێردەی تایبەتی روسیا باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و مۆسكۆ و پتەوكردنی هاوكاری هاوبەشی نێوانیان لەسەرجەم ئاستە جیاوازەكاندا كردووە، گفتوگۆشیان كردووە لەسەر رێگەكانی هاوكاری نێوانیان لەبواری هێنانەدی سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، بەپێی سیاسەتێكی پشتبەستوو بە دانایی و گفتوگۆ.
 هەر لەمیانی دیدارەكەدا، گفتوگۆ كرا لەسەر پتەوكردنی هاوكاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات  لەبواری بەگژداچوونەوەی تیرۆر و گرووپی تیرۆرستی داعش، سەرەڕای تاوتوێكردنی هاوكاری نێوانیان لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەبواری ئاسانكاری بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و پەنابەران بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و دەستەبەركردنی كەشێكی گونجاو بۆیان و رێگریكردن لە گەڕانەوە و بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەوی و پەڕگری.
كازمی جەختیكردۆتەوە كە خواستی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و روسیای فیدڕاڵ گەورەترە لەو دۆخەی ئێستا، راشیگەیاندووە كە وڵاتەكەی پەرۆشە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پێشخستنی، سەردانیكردنی یەكتری.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group