فوئاد حسێن: توركیا مافی بەزاندنی سنوری عیراقی نییە

27/11/2020 عێراق

نەوا
وەزیری دەرەوەی عیراق جەختدەكاتەوە كە هیچ رێككەوتنێك نییە ماف بە توركیا بدات بۆ بەزاندنی سنوری خاكی عێراق، جەختیش دەكاتەوە نە لەشكركێشیەكانی ئەنقەرە و نە چالاكیەكانی پەكەكە لەسەر خاكی عیراق جێگەی قەبوڵكردن نین.
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی روسیا ئەلیەوم، سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی سوپای توركیا لەنێو خاكی عێراق، جەختی كردەوە كە عیراق چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) رەتدەكاتەوەو هاوكات توركیاش مافی بەزاندنی سنوری خاكی عێراقی نییە.
وتیشی: هیچ رێككەوتنێك نییە رێگە بە بەزاندنی سنور لەلایەن توركیاوە بدات كە دەوترێت گوایە رێككەوتنێكی وا لەسەردەمی رژێمەكەی سەدام حسێن دا ئیمزاكراوە.
رونیشیكردەوە، ئەوەی لەسەردەمی سەدام حسێن كراوە، ئیمزاكردنی كۆنوسێكی هاوكاری بوە بۆ ماوەی یەك ساڵ كە رێگەی بە توركیا داوە پێنج كیلۆمەتر بێتە نێو خاكی عێراق، ئەوەش بەمەرجی رەزامەندی حكومەتی عێراق و بەردەوامیشی بۆ ماوەی تەنیا 72 سەعات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group