محەمەدی حاجی مەحمود بۆ حكومەت: چاوەڕێی عەرەب لە بەغداد مەبن

27/11/2020

نەوا 
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، داوا لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دەكات چی تر خۆیان تەسلیم دەستی قەدەر نەكەن و خۆیان ئیدارەی خۆیان بدەن و ناوماڵ و داهاتی ناوخۆ رێكبخرێتەوە و ئیدارەیەكی گونجاوی پێبدرێت.
محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەپەیامێكدا كەبۆ شەش ساڵەی شەهیدبوونی عەتای كوڕی لەشەڕی داعش لە كەركوك بڵاویكردوەتەوە باسی لەوەكردوە، لە دوای شەش ساڵ جگە لەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بە كەركوكیشەوە تەسلیم بە دوژمن و بەغداد كراوەتەوە، "ئێستاش ئەیانەوێ لە پێناو مشتێك پارەی تەزویری عێراقدا خوێنی شەهیدەكانیش بخرێتە ژێر پرسیارەوە..؟، بۆیە لەم یادەدا داوا لە حكومەت و پەڕلەمان و هەموولایەك دەكەم چی تر خۆتان تەسلیم دەستی قەدەر مەكەن و خۆتان ئیدارەی خۆتان بدەن و خۆتان ڕێكبخەن، چاوەڕێی شۆڤێنی عەرەب لە بەغداد مەبن".
باسی لەوەشكردوە، ناوماڵی كوردستان رێكبخەن و داهات و بەروبومی كوردستان كۆبكەنەوەو ئیدارەیەكی گۆنجاو ڕێكبخەن و شەهیدەكان ئاسودە بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group