هونەرمەندێكی كورد لە هۆڵەندا لەرێگای هونەرەوە كارێكی خێرخوازی ئەنجامدەدات

28/11/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
هونەرمەندی كورد كاروان حەمید حەللاق بەنیازە لە رێگای هونەرەكەیەوە كارێكی خێرخوازی پێشكەش بكات و دەستی یارمەتی بۆ هەژاران درێژبكات.

 كاروانی هونەرمەند لەلێدوانێكیدا بۆ رادیۆ نەوا وتی "هونەر كاتێك بە ویژدانەوە بەكارهات دەبێتە خۆشگوزەرانی، دەبێتەمایەی دڵخۆشكردنی خەڵكانێك، كە شایەنی دڵخۆشین، هەموو كارێكی خێرخوازییش ئاسودەبونی هەمیشەییت پێ دەبەخشێ و ماندوبونت كەمدەكاتەوە".
هەروەها رونیكردەوە، نوێترین كاری بەرهەمێكە بە ناوی (هونەر لەپێناو مرۆڤایەتی)دا، كە كارێكی خێرخوازییە بۆ كەسێكی زەنگین لە دڵ و رۆحدا و هەژار لە مادەدا، ئەو كەسەش (رەشۆ زیرەك)ە. وتیشی "خاوەنی بیرۆكە محەمەد ئیسماعیلە، كە پێشتر كارێكی تابلۆیی بۆ كاك نازم كێشا و داهاتەكەی پێشكەشی ناوبراو كرد". بیرۆكەی جێبەجێکردنیشی لەلایەن بەندە و بافڵ سەرهەنگ-ەوە سەرچاوەی گرت و بە پێویستمانزانی كارێكی لەم شێوەیە دروستبكەین بۆئەوەی خزمەتێكی كەمی هەژاران بكەین و لە رێی هونەرەوە ژیانێكی باشتریان بۆ بڕەخسێنین".

تێچوی ئەو كارە هەمووی لەسەرئەستۆی كاروان حەمید حەللاقە و تۆماركردنی لە ستۆدیۆی یاد میدیا بەرهەمهاتوە و چەند هونەرمەندێكی بیانی تێیدا بەشدارن، هەریەكە و بە ئامێرێكی جیاواز دەردەكەون و خۆیشی بە ئامێرێكی دەستكردی خۆماڵی بەشدارە.
هونەرمەند كاروان حەمید حەللاق لە هۆڵەنداوە بۆ رادیۆ نەوا وتی "كارەكە زەحمەتی زۆری كێشا، چونكە نزیكەی پێنج مانگ تێكەڵی ئەو كەسانە بوم، كە بێ ماڵ و حاڵن بۆئەوەی لە نزیكەوە لە بارودۆخیان ئاگاداربم و ژیانێكی لەو چەشنە بەڕاستی مەرگەساتە". باسی لەوەشكرد "كارەكە لە تەواوبوندایە و بەمنزیكانە ئامادەدەبێت و بڵاودەكرێتەوە، بەڵام چاوەڕێی سپۆنسەرم بۆئەوەی زۆرترین داهات كۆبكەمەوە بۆئەوەی پێشكەشی (رەشۆ زیرەكی) بكەین و هاوكاری بكەین، با هەمومان دەست لەناو دەست خەمخۆری یەكتربین و لە هاوكاریكردنی یەكتردا بەردەوام بین.
هەروەها داواكارە لە رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن، هەموو هاوكاریان بن بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامە، كە پەیامێكی هاوكارییە و خەمڵاندنی كارەكەش لە هەزار یورۆوە دەستپێدەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group