پزیشكەكەی مارادۆنا باسی دواساتەكانی بەهرەمەندەكە دەكات

30/11/2020 وەرزش

نەوا
لیۆپۆڵدۆ لوكی پزیشكی تایبەتی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، كە بە تۆمەتی كوشتنی نائەنقەستی بەهرەمەندەی تۆپی پێی جیهان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، دەڵێت "ئەفسانە ئەرجەنتینییەكە خۆی بڕیارەكانی خۆی دەدا و بەبێ‌ ئیرادەی خۆی هیچ شتێك نەدەكرا".
لیۆپۆڵدۆ لوكی لە پرێس كۆنفرانسێكدا باسی لەوەكردوە، مارادۆنا خۆی بڕیارەكانی تایبەت بەخۆی دەدا كاتێك كێشەی تەندروستی بۆ دروست دەبو بەهۆی ئالودەبونی بە مادە هۆشبەرەكان و كحولیەكان و تەنانەت بڕیاری پاكبونەوەشی لەو مادانە لە ماڵەوە هی خۆی بوو.
دەشڵێت "هەموویان كۆكبوین لەسەرئەوەی مارادۆنا لە باشترین بارودۆخیدا ببینین، پزیشكەكان و من و خێزانەكەشی نەماندەتوانی هیچ شتێك بكەین بەبێ‌ ئیرادەی خۆی، هەوڵماندا بابەتی بەكارهێنانی حەبی هۆشبەر و خواردنەوە كحولیەكانی كۆنترۆڵ بكەین، پێویست نەبوو لە نەخۆشخانە بهێڵرێتەوە و دەمانتوانی بیبەینە ناوەندی دوبارە ئامادەكردنەوەی، بەڵام پێویستمان بە رەزامەندی خۆی بو، ئەوەش بڕیاری خۆی بوو، بۆیە هیچ هەڵەیەكی پزیشكی روینەداوە".
لوكی لەبەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوەكردوە، مارادۆنا كێشە لە دڵیدا هەبو، كە بۆ نەخۆشێكی وەك ئەو شتێكی سروشتییە و هەموو شتێك كرا بۆ ئاساییكردنەوەی، بەڵام ناتوانرێت رێگری لە ئەگەرەكانیش بكرێت، رەزامەندی كۆمەڵەی ئەرجەنتینیم بەدەستهێنا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەماغ و دەمار و 6 پزیشك بارودۆخەكەیان هەڵسەنگاند و مردنی هیچ پەیوەندی بە نەشتەرگەرییەكەوە نەبوو.
لە درێژەی قسەكانیدا جەختیلەوەشكردوەتەوە، دوای نەشتەرگەرییەكە لە نەخۆشخانە دەرچو، هەموو شتێك نمونەیی بو، دەبوایە بە پرۆسەی چاكبونەوە لە ئالودەبون بڕۆشتایە، بەڵام نەیویست ئەوە بكات، توانیمان پەرستارێكی بۆ دابین بكەین، بەڵام دوای ئەوە رەزامەندی دەرچونی لە نەخۆشخانە وەرگرت، هەوڵماندا بیهێڵینەوە، بەڵام چونكە ناوەندی چاكبونەوە نەبو، ماوەی مانەوەی لە نەخۆشخانە تەواوكردبو، نەتوانرا.
پزیشكەكەی مارادۆنا سەبارەت بە هەوڵەكانیشی دەڵێت "ئامادەم لەبەردەم دادگا و هەموو هەوڵێكم لەگەڵ دیێگۆ داو شانازی بە كارەكەمەوە دەكەم و هیچ شتێك نییە بیشارمەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group