هۆشداری دەدرێت: هەڵبژاردن دەبێتەهۆی دروستبونی كارەساتێكی گەورە لە عیراقدا

01/12/2020 عێراق

نەوا
كازم شممەری سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی لە پەرلەمانی عیراق هۆشداری دەدات لەوەی هەڵبژاردنێكی ناكامڵ دەبێتەهۆی دروستبونی كارەساتێكی گەورە لە عیراقدا.
عیراقییەكان لە ئەدای حكومەت و حزب و لایەنەكانی حكومەت رازی نین و لەو چوارچێوەیەشدا كازم شممەری لە بەیاننامەیەكدا باسی لەوەكردوە، ئیئتیلافی نیشتمانی هۆشداری لە ئەنجامی كارەساتبار و بەشدارینەكردنی سیاسی و جەماوەریی فراوان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتو دەدات، بەهۆی ئەوەشەوە شەرعیەت لەدەستدەدات و هەمان ئەو دەموچاوانەی ئێستا و بەكرێگیراوەكانیان دوبارەدەبنەوە.
شممەری هێمای بۆ ئەوەكردوە، پێویستە سنورێك بۆ چەكی دەرەوەی دەوڵەت دابنرێت و تاییفی سیاسی و پشككاری چارەسەر بكرێت، دەشڵێت "پەرلەمان بێتوانایە لە بەجێگەیاندنی ئەرك و رۆڵەكەی، سەرەڕای ئەوەش یاسای هەڵبژاردن بەمشێوەیەی ئێستا لەئاست چاوەڕوانیی جەماوەردا نییە".
سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی لە پەرلەمانی عیراق پرسیاری ئەوە دەكات، گرەنتی چییە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك؟ نەتەوە یەكگرتوەكان چۆن دەتوانێت چاودێری ئەو ناوچانە بكات؟ كە میلیشیاكان كۆنترۆڵیان كردوە و بارودۆخی ئەمنی تێكچوە و حكومەت بە چەندین كەیسی گرنگی ترەوە سەرقاڵە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group