وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: شوقە به‌سەر کەمدەرامەتان دابەش دەکرێت

01/12/2020

نه‌وا
وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاشكرای ده‌كات، "دوای ئەوەی لە قەلادزێ یەکەکانی نیشتەجێبوون بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتدا دابەش کران، بڕیارە لە ڕاپەڕینیش شوقە دابەش بکرێت"، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، لە زۆربەی شارەکان یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکەن و مه‌رجی سوودمەندبوون له‌و یه‌كانه‌ش ده‌خاته‌ڕوو.
مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاندوه‌، "دوای تەوابوونیان لە ناوەڕاستی مانگی 11 لە قەلادزێ ئەو یەکانەی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروست کرابوون بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتی سنورەکە دابەش کران و بڕیارە لە قەزای ڕاپەڕینیش شوقە دابەش بکرێت و پڕۆژەی دروستکردنی شوقەکانی ڕاپەڕین کۆتاییی ھاتووە.''
به‌ وته‌ی وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، "لە قەزای زاخۆش پڕۆژەی دروستکردنی شوقە بۆ خەڵکی کەمدەرات قۆناغی باشی بڕیوە و بڕیارە لە ھەولێر و زۆربەی شار و شارۆچکەکان یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی لە ھەندێ ناوچە کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە."
ناوبراو لەبارەی ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن، وتی: "چەندین مەرج دیاری کراوە لە ڕێگەی پڕکردنی فۆڕمێکەوە لەوانەش بەشێکیان بۆ فەرمانبەرانی حکوومەت و ئەوانی دیکەش ئەو خێزانانە سوودمەند دەبن، کە یەکەی نیشتەجێبوونیان نییە و داھاتیان سنووردارە، لە ڕێگەی ئیدارەی ھەر ناوچەیەک فۆڕم پڕ دەکرێتەوە."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group