پارتی: له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌نگه‌كانمان زیاد نه‌كات كه‌م ناكات

17/01/2021

نه‌وا
بڕیارە سبەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەبارەی پرسی دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆ ببنەوە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ھەڵبژاردنەکان دوا بخرێن و لە کاتی خۆیدا بەڕێوە نەچن و ده‌شڵێت، ده‌نگه‌كانیان كه‌م ناكات.
کاکەمین نەجاڕ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبه‌كه‌ی ڕاگەیاندوه‌: "ھەرچەندە ئەگەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی خۆیدا کە ناوەڕاستی ئەمساڵە بەڕێوە بچێت، ئێمە بەشداری دەکەین وەک پارتی و ئامادەکارییش کراوە بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنین لەو ھەڵبژاردنەدا، بەڵام خۆم پێشبینی ئەوە دەکەم پڕۆسەکە لە کاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت و دوا بخرێت."
وتیشی: "ھەرچەندە ھێشتا زووە بڕیار لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بدەین، بەڵام وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دڵنیاین لە دەنگدەری خۆمان و ئەگەر دەنگی پارتی زیاد نەکات لە ھەڵبژاردنی داھاتوو، ئەوە بێگومان کەم ناکات."
كاكه‌مین نه‌جاڕ لەبارەی ئاستەنگەکانی پێش پڕۆسەکەوە ڕوونی کردەوە: "یاسای نوێی ھەڵبژاردن لە ڕووی جێبەجێکردنەوە گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە و ژمارەی بازنەکان زیاد کراون، ئەمەیش کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر پڕۆسەکە، چونکە ڕێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن ھەندێک زەحمەتن بۆ جێبەجێکردن."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group