ژوری ئۆپراسیۆن پارێزگای هه‌ولێر چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد

17/01/2021
نه‌وا
ژوری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر بڕیاریدا بە پێکهێنانی دو لیژنە بۆ چونە ناو ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومیەکان بۆ چاودێریکردنی قوتابیان و خوێندکاران و چاودێریکردنی فه‌رمانبه‌ران بۆ پابەندبونیان لە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.

بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە ژوری ئۆپەراسیۆنەکان کۆبوەتەوە و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردوە لەوانە؛

یەکەم/ ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وێڕای پابەندبونی بە بەیانی ژمارە (1)ی ساڵی (2021)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بڕگەکانی، بڕیاریدا دو لیژنە بەسەرپەرشتی پارێزگای هەولێر و ئەندامیەتی هەریەک لەنوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر پێکبهێنرێت، بۆ چونە ناو ناوەندەکانی خوێندن و چاودێریکردنی قوتابیان و خوێندکاران بۆ پابەندبونیان لە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.

دوەم/ پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ سەردانیکردنی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومیەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و چاودێریکردنی فه‌رمانبه‌رانیان لەکاتی دەوام بۆ پابەندبونیان لە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان، هەروەها گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هاوڵاتی و موراجعانەی کە بۆ راییکردنی مامەڵەکانییان به‌بێ به‌ستنی (ده‌مامك) دەچنە ناو فه‌رمانگه‌کان.

سێیەم/ داوا لەهاوڵاتییانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەین، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان بەو پەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، پابەندبن بەرێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرکەسێک رەچاوی بەستنی (دەمامک) و رێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، روبەڕوی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

چوارەم/ هەمو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان، بازار، چێشتخانه‌)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دوری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشیەری مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ‌هه‌رشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) جێبه‌جێنه‌كات، لیژنەی قائمقامییەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون، ده‌ستبه‌جێ شوێنەکە دادەخەن.

پێنجەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) لەکاتی هەبونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.

شەشەم/ ئەم شوێنانە لە سەعات (12)ی شەو دادەخرێن:-
(یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (بار)، موزیك لایف، ئاهه‌نگی شه‌وانەی یانەکان)

حەوتەم/ ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە:-
(هۆڵه‌كانی بوك گواستنه‌وه، هه‌مو جۆرە گردبونەوە و کۆنفرانس و کۆبونەوەیەک)

هه‌شته‌م/ پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

نۆیەم/ هاوینە هەوار و شوێنە گەشتییاریەکان، دەبێت رەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و خۆیان و گەشتییارانیان پایەندبن بە بەستنی (دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێت، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2021.1.17

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group