پەرلەمانتارێك : هێرشەكەی داعش بۆ سەر جەلەولا پێشهاتێكی مەترسیدارە

19/01/2021 عێراق

نەوا-
پەرلەمانتارێكی عێراق رایگەیاند ، ئەو هێرشەی چەكدارانی داعش كردیانە سەر ناحیەی جەلەولا و وێستگەی كارەبای ئەو ناحیەیان تەقاندەوە، پێشهاتێكی مەترسیدارە و پێویستە پێداچونەوەیەكی گشتگیر و بەپەلە بە دۆسێی ئەمنیدا بكرێت .
رەعد دەهلەكی پەلەمانتاری عێراق لەپشكی پارێزگای دیالە لە بەیاننامەیەكدا نوسیویەتی، ئەو هێرشەی داعش كردی نیشانەی بەڕێوەبردنێكی هەڵەیە بەرامبەر بە دۆسیە هەستیارەكانی سەر بە پارێزگای دیالە و پێویستە لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوان بكرێت لەم بابەتە كە بوارە ئەمنی و سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانیش بگرێتەوە .
رونیشیكردەوە، ئاستەنگ دروستكردن بۆ دۆسێی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێن و جێگای خۆیان ، بۆتە هۆی ئەوەی ئەو ناوچانە ببن بە گۆڕەپانی داعش و بە ئارەزوی خۆیان هاتوچۆی تێادا بكەن .
ئەو پەرلەمانتارە عێراقیە بەپێویستیشی زانی سەركردە ئەمنیەكانی بەغدا و دیالە پلانێكی رون وئاشكراو و تۆكمە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان دابنێن و پارەی پێویستیش بۆ سەرخستنی ئەم پلانە دابین بكرێت و لێپرسینەوەش لەگەڵ ئەو لایانانە بكرێت كە كەمتەرخەم بون لەپاراستنی ئاسایش، ولەوەش گرنگتر  دەبێت چەك تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت.
دوێنێ‌ دووشەممە چەند چەكدارێكی سەر بەداعش پەلاماری وێستگەی كارەبای ناحیەی جەلاولایاندا لە پارێزگای دیالە و وێستگەكەیان تەقاندەوە . 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group