قائیمقامیەت هۆكاری زۆری ژمارەی سەرپێچیەكان لە سلێمانی ئاشكرا دەكات

20/01/2021

نەوا-
دكتۆر پەرست نەقشبەندی نوێنەری تەندروستی لە لیژنەی باڵای قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: هۆكاری بەرزی ژمارەی سەرپێچییەكان لە سلێمانی بەهۆی چاودێری چڕ و هەمەلایەنەی لیژنە هاوبەشەكانەوەیە.
دكتۆر پەرست لە راگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانیدا وتویەتی: بەرزی ژمارەی سەرپێچیەكان لە شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردانە بەردەوامەكانی لیژنەكانی قائیمقامیەت كەبەشێوەیەكی بەدەوام چاودێری چڕ و هەمەلایەنەی دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتیەكان دەكەن و چاوپۆشیش لەهیچ كەسێك ناكرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئامانجی لیژنە هاوبەشەكان پابەندكردنی شوێنەكانە بەمەرجەكان و رێكارەكانی خۆپارێزی نەك زیان گەیاندن بە شوێنەكان و خاوەنەكانیان، بۆیە لەماوەی یەكساڵدا لە هەرشوێنێك سەرپێچی تۆمار نەكرابێت لەلایەن لیژنە هاوبەشەكان و قائیمقامیەتەوە خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.
دكتۆر پەرست باسی لەوەشكردوە: لە كاتژمێر چواری بەیانیەوە تا یەكی شەو بەردەوام چاودێری دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەكرێت، دواتر بەپێی كەموكورتیەكان شوێنەكە روبەڕوی رێكارە یاساییەكان دەكرێتەوە، بەپێی ئەو پلان و میكانیزمەی لیژنە هاوبەشەكانی سلێمانی بۆ كاركردن هەیانە، لەهەر پارێزگایەكی دیكە جێبەجێ بكرێت ژمارەی سەرپێچییەكان زۆر زیاتر دەبێت و دەگاتە دوو هێندە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group