حكومەتی هەرێم وەڵامی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

20/01/2021

نەوا-
نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكانی حكومەتی هەرێم وەڵامی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە و تایبەت بە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی ناوچەكانی هەرێم هاتوە، هێزە ئەمنییەكان بەرپرسیارن لە پاراستنی موڵك و ماڵ و گیانی هاووڵاتیان و رێگا نەدەن بە ئاژاوە و گێرەشێوێنی.
لە كۆتا راپۆرتی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ چەند تێبینیەكی لەسەر هەرێمی كوردستان تێدابوو، لەبارەی راپۆرتەكەوە نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان بڵاویكردوەتەوە، خۆپیشاندان بەپێی یاسا رێگەپێدراوە بەڵام لەكاتی رودانی پێشێلكاری یاسایی وەك توندوتیژی یا بەردەوامی خۆپێشاندانەكان بۆ زیاتر لە ماوەی رێگە پێدراو هێزە ئەمنییەكان بەپێی یاسا پێویست دەكات هەڵسوكەوت لەگەڵ خۆپێشاندانەكان بكەن بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و سەروماڵیان.
ئاماژە بەوەشدراوە، بەپێی یاسای رۆژنامەوانی لە هەرێم رۆژنامەوان تەنها بە فەرمانی دادگا دەستگیر دەكرێت بە ئاگاداری سەندیكای رۆژنامەنوسان، بەپێی ئەم یاسایەی سەرەوە هێزە ئەمنیەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا ناكەن.
جەختلەوەشكراوەتەوە، تەنها لەكاتی دەرچونی بڕیاری دادوەر یاسا جێبەجێ دەكرێت و ئەو رێوشوێنانە دەگیرێنە بەر كە پێویستن بەپێی یاسا، بەڵام لە كاتی بڵاوكردنەوەی توندوتیژی و تێكدانی ماڵ و موڵكی گشتی، یاسای سزادانی عێراقی جێبەجێ دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group