ئێران ئاماده‌یی خۆی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ سعودیه‌ راگه‌یاند

24/01/2021 جیهان

نه‌وا
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە سعوودیە هەندێ نیگەرانی هەبێت لە سیاسەتی تاراندا، لەبەرئەوە ئامادەن لەگەڵ حکوومەتی ریازدا دانووستان لەسەر ئەو بابەتانە بکەن.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێرانی (ISNA)، خەتیبزادە باسی لەوە کرد کە سیاسەتی سعوودیە لەبارەی هەندێ وڵاتانی کەنداو گۆڕانکاری ئەرێنیی تێدا روویداوە، و، وتی: ''ئەگەر ئەو گۆڕانکاریە بە جددی ببێتە رۆژەڤیان و سعوودیەکان بەو ئەنجامە بگەن کە رێگە چارەی کێشەکان بە هاریکاریی هەرێمیی دەبێت، ئەوا ئێران یەکەم وڵات دەبێت کە بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات''.
خەتیبزادە باسی لەوە کرد کە ئامادەی دانووستانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات و، رایگەیاند: ''دەکرێ سعوودیەکان هەندێ نیگەرانییان هەبێت، لەبەرئەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێویستە گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانەوە بکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد کە وڵاتەکەی هەوڵی ئاشتیی هورموزی بۆ ئاشتیی هەرێمیی پێشکەش کردووە و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەبارەی کێشە هەرێمییەکانی وڵاتانی کەنداو بێتە ئاراوە.
راشیگه‌یاند: ''ئەوەی تا ئێستا بینیومانە ئەوەیە کە هەندێ لە وڵاتانی کەنداو بە سعوودیەشەوە بێ وەڵامن بەرامبەر پێشنیارەکانی ئێران لەو بارەیەوە''.
لە ١٩ی کانوونی دووەمدا محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر، داوای لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو کردبوو دیالۆگ لەگەڵ ئێراندا ئه‌نجام بده‌ن و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ نێوەندگیری راگەیاندبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group