په‌رله‌مانتارێك: رۆژانه‌ 30 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت داخڵی هه‌رێم ده‌كرێت

24/01/2021

نه‌وا
ئه‌ندامێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕێكی زۆر نەوت كە بڕەكەی 30 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، بە قاچاخ ده‌هێنرێته‌ ناو هەرێمی كوردستان و بازرگانی پێوە دەكرێت، ده‌شڵێت، ئەم دیاردەیە لە هەموو دیاردەكانی دیكەی قاچاخیكردن مەترسیدارترە.
كاروان گەزنەیی، ئه‌ندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان لەفەیسبوكی خۆی نووسیویەتی، لە یەكێك لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، نەوت بە قاچاغ داخڵ دەكرێت و بازرگانی پێوە دەكرێت!!
كاروان گەزنەیی بەپشت بەستن بەڕاپۆرتێكی فۆڕن پۆڵەسی، بڕێكی زۆر نەوت كە بڕەكەی 30 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، بە قاچاخ داخڵ دەكرێت بۆ ناو هەرێمی كوردستان و لێرە بازرگانی پێوە دەكرێت، ئەم دیاردەیە لە هەموو دیاردەكانی دیكەی قاچاخیكردن مەترسیدارترە، چونكە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك سوود لەمە نابینێت! ئەم بازرگانیكردنەش لە كاتێكدایە كە هەرێم زۆرترین كێشەی لە فرۆش و پڕۆسەی نەوتدا هەیە!
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "بەپێی راپۆرتەكە ئەم نەوتە قاچاخە لە دەروازەی سمێلكا داخڵ دەكرێت و ئەگەری زۆر هەیە كە لێرە لە پاڵاوتگەی لاناز بپاڵێورێت و بكرێتەوە بە بەرهەم، بەڵام دیسان دیار نییە بەرهەمەكەی بۆ كێیە و چەندە و چۆنە!".
راشیگه‌یاندووه‌، ئەم نەوتە لە باكووری سووریاوە داخڵی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بەو پێیەش ڕۆژانە چەند كەس و گروپێك ملیۆنان دۆلار سوودی لێدەبینن و خێر دەكەن، بە بێ ئەوەی یەك دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە.
هەروەها وتویەتی "ئەم قاچاخی و بە تاڵانبردنی وڵاتە لە كاتێكدایە تائێستا پاڵێوتگەكانی هەرێم یەك لیتر نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان ناپاڵێون و تائێستاش كێشەی نەوتی سپی و بەنزین لە كوردستان دوو كێشەی سەرەكین، لە پاڵ كێشەی مووچە و كێشەی خزمەتگوزارییە گشتییەكان". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group