دوو پرۆژەی ستراتیژی كارەبا لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێن

25/01/2021

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاویكردەوە: حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبڕی 44 ملیار دینار 2 پرۆژەی ستراتیژی كارەبا لە پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دەكات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە: لە چوارچێوەی گرنگیپێدان و جێبەجێكردنی پرۆژە ستراتیژیەكانی حكومەتی هەرێم لە‌ پارێزگای سلێمانی، بەبڕی زیاتر لە 44 ملیار دینار دوو پرۆژەی ستراتیژی گواستنەوەی وزەی كارەبا لە پارێزگای سلێمانی جێبەجێی دەكرێت.
رونیشكراوەتەوە: بە نوسراوی  ژمارە 903 سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی بڕی 44 ملیار و 534 ملیۆن و 377 هەزار دینار، لە داهاتی گشتی كارەبا بۆ دوو پرۆژەی ستراتیژی گواستنەوەی وزەی كارەبا لە سنوری پارێزگای سلێمانی كە بریتین لە هێڵی گواستنەوەی وزەی كارەبای تەوژم بەرزی 132 كەیڤی "تانجەرۆ - سەیدسادق" كە 55 كیلۆمەترە و سودێكی زۆری بۆ بەرزكردنەوەی توانای گواستنەوەی وزەی كارەبا بۆ ناوچەكانی سەیدسادق و هەڵەبجەی شەهید و پێنجوێن وكەمكردنەوەی بارزۆری سەر تۆڕەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا هەیە.
ئەوەش هاتوە: هەروەها پرۆژەی دووەم لەگەڵ هێڵی گواستنەوەی وزەی كارەبای132  كەیڤی" بازیان – رانیە" كە درێژییەكەی 105 كیلۆمەترە و سودێكی زۆری دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی تونای گواستنەوەی وزەی كارەبا بۆ ناوچەی پشدەر و بتوێن و كەمكردنەوەی بارزۆری سەر تۆڕەكانی گواستنەوەی وزەی سنورەكە‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group