رەشنوسی یاسای گەشتیاری كوردستان دادەڕێژرێت

25/01/2021

نەوا-
لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەی شارەوانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: بڕیارە مانگی داهاتوو كۆنفرانسی گەشتیاری ئەنجام بدرێت بە مەبەستی دەركردنی یاسای گەشتیاری و چۆنیەتی گەشەپێدانی ئەو كەرتە.
لیژنەی شارەوانی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم كۆبونەوە و دوای كۆبونەوەكە لوقمان وەردی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: بەمەبەستی دەركرنی یاسای گەشتیاری و چۆنیەتی گەشەپێدان بە كەرتی گەشتیاری ، بەتایبەتی بۆ ئەوەی ببێتە مایەی داهات بۆ حكومەت و هاووڵاتیان، مانگی ئایندە كۆنفرانسی گەشتیاری كوردستان ئەنجام دەدرێت و كەموكورتیەكانی رەشنوسی یاسای گەشتیاری پڕدەكەینەوە.
لای خۆشیەوە ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم وتی: ئێستا هەماهەنگی تەواو لەنێوان دام و دەزگاكانی هەرێم هەیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی و كەموكوڕییەكانی كەرتی گەشتیاری، هەروەها لە رووی یاساییشەوە دەستەی گەشت و گوزاری بكرێتە دامەزراوەیەكی كارا و بتوانێت هاوكاربێت بۆ داهاتی حكومەت و هەروەها پاراستنی شوێنەوارەكان بەمەبەستی دابینكردنی بازاڕی گەشتیاری و راكێشانی گەشتیاران.
باسی لەوەشكرد: دەمانەوێ بەپێی یاسای گەشتیاری كوردستان سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕی هەبێت جا ئەو دەستەیە سەربە ئەنجومەنی وەزیران بێت یان سەربە وەزارەتی شارەوانی بمێنێتەوە، بەڵام بتوانین زیاتر دەسەڵاتمان هەبێ بۆ بڕیاردان و چۆنیەتی راییكردنی كارەكانمان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group