پارێزگاری نوێی زیقار ھێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە شەقامەکانی ناسرییە ده‌كشێنێته‌وه‌

28/02/2021 عێراق

نه‌وا
به‌مه‌به‌ستی هێوركردنه‌وه‌ی ره‌وشی زیقار، پارێزگاری نوێی ئه‌و پارێزگایه‌ بڕیاریدا به‌ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ شه‌قامه‌كانی ناسریه‌.
سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق بە میدیاکانی خۆجێی رایگەیاندووە کە عەبدولغەنی ئەسەدی پارێزگاری نوێی زیقار بڕیاری داوە ھێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە شەقامەکانی شاری ناسرییە بکشێندرێنەوە و لە شوێنی ئەوان، ھێزەکانی سوپا و پۆلیس بڵاوبکرێنەوه‌.
وتیشی: "ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی دەرکراوە ئەوەیش بە ئامانجی بەرگرتن لە روودانی پێکھەڵپژانی نێوان ھێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و خۆپیشاندەران".
ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندان لە شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار باشووری عێراق، دژبە بە نەبوونی خزمەتگوزاری گشتیی، ئەنجام دەدرێت.
لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوودا نازم حەمید وائیلی پارێزگاری زیقار، دەستی لەکارکێشایەوە و عەبدولغەنی ئەسەدی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی، وەک پارێزگاری نوێ دەستنیشانکرا.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندبوو کە لە میانی پێنج رۆژی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار، پێنج خۆپیشاندەر کوژراون و 271 کەسیش برینداربوون کە 147 یان کارمەندی ئەمنیین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group