وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پلانی هێڵی ئاسنینی خستەڕوو

02/03/2021

نەوا-
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئاشكرایكرد: بانگهێشتی كۆمپانیا جیهانیەكان دەكەن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هێڵی ئاسنین، ئەوەش گرنگی بۆ پێشكەوتنی بازرگاكانی و كشتوكاڵ و كەرتی گەشتیاری هەیە.
دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: ماستەر پلانی هێڵی ئاسنینمان لە كوردستان هەیە و قۆناغی پلانی تێپەڕاندوە، بانگێشتی كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری هێڵی ئاسنین دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە كە كارئاسانی بۆ پێشكەوتن و بازرگانی و گەشەكردنی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گشتیاری دەكات.
وتیشی: سەرۆكی حكومەت پشتیوانی تەواوی پڕۆژەكەیە و هەوڵ دەدەن لەم قۆناغەدا بەشێك لە پڕۆژەكە بكەوێتە جێبەجێكردن كە بڕێك پارەشی بۆ خەرج كراوە، بانگهێشتی سێ كۆمپانیا دەكەن كە دوو كۆمپانیای ئیسپانی و یەك كۆمپانیای ئەڵمانییە و  پێشتر پڕۆژەكانیان بۆ ئەو بوارە خستۆتەڕوو.
لەبارەی روبەری پڕۆژەكە و گوژمەی جێبەجێكردنەكەیەوە وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن باسی لەوەكرد: لەگەڵ ئەوەی كۆمپانیاكان هێشتا پلانی جێبەجێكردنەكەیان نەخستۆتەڕوو، بەڵام رەنگە یەك ملیار دۆلار خەرجییەكەی بێت و كە بەسێ قۆناغیش دەبێت، قۆناغی یەكەم بە درێژایی 620 كیلۆمەتر و لە قۆناغی دوەم 135 كیلۆمەتر و لە قۆناغی سێیەمیش 160 كیلۆمەتر دەبێت.
جەختیلەوەشكردەوە: بە گشتی پڕۆژەكە سێ قۆناغ  وشەش ئاستە، لەگەڵ ئەوەی دەبوایە لە ساڵی رابردودا پێشكەشكردن و بانگەشەی كۆمپانیاكان ئەنجام بدرایە، بەڵام هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو پرۆسەیەی دواخست.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group