پەرلەمانی عێراق داوا دەكات ڤاكسینی چینی لەبری ئەمریكی بكڕن

02/03/2021 عێراق

نەوا-
ئیكتیفا‌و حەسناوی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق داوا لە حكومەتی عێراق دەكات لەبری ڤاكسینی ئەمریكی، چینی بكڕن و پێشی وایە، ئەگەر كۆمپانیای فایزەر دڵنیابوایە لە ڤاكسینەكەی ئەو جۆرە مەرجانەی دانەدەنا.
ئیكتیفا‌و حەسناوی لە لێدوانێكی رۆژنامەونیدا وتویەتی: داوا لە وەزارەتی تەندروستی و حكومەت دەكەین بۆ دەستكەوتنی ڤاكسین پەنا بۆ كۆمپانیا چینیەكان ببەن لەبری كۆمپانیا ئەمریكییەكان.
سەبارەت بە مەرجەكانی كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی بۆ فرۆشتنی ڤاكسین دەڵێت: ئەگەر كۆمپانیاكە دڵنیابوایە لە ڤاكسینەكەی ئەوا ئەو مەرجانەی نەدەبوو.
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ یاسای بەرەنگاربونەوەی پەتای كۆرۆنا ئەنجامدا و بەشێكی پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەداوە، بەلایانەوە سەیرە كۆمپانیای فیزەر ئەو مەرجانەی داناوە.
بۆ فرۆشتنی ڤاكسینی فایزەر كۆمپانیاكە داوای لە حكومەتی عێراق كردوە كە یاسای بێبەریكردنی كۆمپانیاكە لە هەر كاریگەرییەكی لاوەكی ڤاكسینەكە تێپەڕێنرێت، ئەوەش ناڕەزایەتی چەندین پەرلەمانتار و لایەنی لێكەوتوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group