هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی: جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی ده‌بێته‌ هۆی زیاتر سه‌قامگیری هه‌رێم

13/04/2021

نه‌وا
بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی هاوسەرۆکانی یەکێتی لە دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و رۆب واڵەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لە جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە کردەوە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیانە بۆ بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی حکومەت.
بەپێی راگەیێندراوێک لە کۆبوونەوەکەدا "هاوسەرۆکانی یەکێتی بە گرنگییەوە ئاماژەیان بە پەسندكردنی یاسای بودجەی عێراق و چەسپاندنی پشكی هەرێمی کوردستان كرد. جەختیان کردەوە كە پێویستە بودجە لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی بژێویی ژیان بەگەڕبخرێت و ئەم ھەنگاوەشیان بە سەرەتایەکی باش بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق وەسفکرد".
 بەپێی راگەیێندراوەکە، ھاوسەرۆکانی یەکێتی خواستی یەکێتییان دووپاتکردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە چاودێریی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دوور لە دەستتێوەردان کە گوزارشت لە ئیرادەی ھەموو پێکھاتەکان بکات، ئەو ھەنگاوەشیان بە فاکتەری سەقامگیریی سیاسی، ئاسایش، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە قەڵەمدا.
 لەبارەی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش بیروڕا لەنێوان باڵیۆز و کۆنسوڵی ئەمریکا و هاوسەرۆکانی یەکێتی ئاڵوگۆڕکرا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەوبارەیەوە جەخت لە ھەماھەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان کراوەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی "پاشماوەکانی تیرۆریستان و بەرقەرارکردنی ئارامیی زیاتر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان".
 لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش هاوسەرۆکانی یەکێتیی ویستی حیزبەکەیان بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان دووپاتکردووەتەوە و بە خاڵێکی گرنگیان لەقەڵەمدا بۆ گەشەکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان لە هەموو رووەکانەوە.
 هەروەها جەختیان لە جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە کردووەتەوە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیانە بۆ بەشداریکردن و بەرێوەبردنی حکومەت "کە دەبێتە مایەی زیاتر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group