فراكسیۆنێك: 300 ملیار دینار دیار نەماوە

18/04/2021 عێراق

نەوا-
موهەنەد عتابی سەركردە لە فراكسیۆنی "نهج الوطنی" ئاشكرای دەكات: 300 ملیار دینار كە دانرابوو بۆ پشتگیری كردنی كاسبكاران لەماوەی پەتای كۆرۆنادا، دیار نەماوە.
موهەنەد عتابی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە: ئەو پارەیەی دانرابوو بۆ قەرەبوی كاسبكاران بڕی 30 هەزار دینار بەسەر چەند كەسێكدا دابەش كراوە كە ژمارەیان نازانین، دواتر داوای دابینكردنی پارەمان كرد بۆ كاسبكاران، ساڵێك پێش ئێستا 300 ملیار دیناری تر دانراوە، بەدیاریكراوی لە نیسانی رابردو، بەڵام ئەو پارەیە دیار نەماوە و نازانین چی بەسەر هاتوە.
رونیشیكردوەتەوە: ئەوە لە چوارچێوەی ئەو 600 ملیار دینارەیە كە دانرا بەسەر 10 ملیۆن عێراقیدا دابەش بكرێت، بەڵام تائێستا نازانرێت چی بەسەر هاتوە و ئەو ژمارەیەی دابەشكراوە بەسەریاندا ئەوەندە نین.
لای خۆیەوە عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان وەڵامی داوەتەوە و لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە: بڕی پارەكە 600 ملیار دینار بوە و 300 ملیاری بەسەر 10 ملیۆن و 300 هەزار هاوڵاتیدا دابەش كراوە، بەڵام بۆ 300 ملیارەكەی تر، پارەی پێویست لەبەردەستدا نەبوە بۆ دابینكردنی، بۆیە ئەو پارەیە لە بنەڕەتدا دابین نەكراوە تا دیار نەمێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group