ناوەرۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و گۆڕان خرایەڕوو

04/05/2021 عێراق

نەوا-
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دەستورێكی مەدەنیدایە، كاری لەپێشینەش، لابردنی لێبڕینی موچە و بەدەمەوەچونی داخوازییەكانی خەڵكە.
دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە سەردانیكردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كۆبونەوەی لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكەیان رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا چەند پرسێك گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، یەكێك لەوانەش پرسی یەك گوتاری كورد بو بۆ داهاتوی عێراق و چۆنیەتی پاراستنی دەسكەوتەكانی كورد لە بەغدا.
وتیشی، "پرسێكی دیكە كە گفتوگۆی لەبارەوەكرا پرسی نوسینەوە و تەواوكردنی دەستوری هەرێمی كوردستانە، ئێمە لەگەڵ دەستورێكی پیشكەتو مەدەنیدان، دەستورێك كە سیستەمی پەرلەمانی و سەروەری یاسا و شەفافیەت و پرەنسیپەكانی لامەركەزی لە خۆیدا كۆبكاتەوە".
ئاشكراشی كرد، كە بە شاندی سەرۆكایەتی هەرێمیان وتووە، لەگەڵ بەرفراوانكردنی ئازادییە گشتی و مەدەنییەكانن، پێویستە مافی رۆژنامەنوس و چالاكوانان زیاتر بپارێزرێت.
وتەبێژی گۆڕان باسی لەوەشكرد، لەگەڵ ئەنجامدانی چاكسازی سیاسی و بەدەمەوەچونی داخوازییەكانی خەڵكن، كاری لەپێشینەش لای ئەوان دابینكردنی موچە و هەوڵدانە بۆ لابردنی لێبڕینی موچە و قۆرخكاری بازاڕ لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group