دوو په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی: داهاتی مانگانه‌ی هه‌رێم زیاتر له‌ یه‌ك ترلیۆن و 400 ملیار دیناره‌

05/05/2021

نه‌وا
دوو په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ داهاتی مانگانه‌ی هه‌رێم زۆر له‌و پاره‌یه‌ زیاتره‌ كه‌ بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ به‌ بێ لێبڕین پێویسته‌.
سه‌رۆك ئازاد گه‌ڵاڵی و هاوڕێ مه‌لا ستار دوو ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ بایكۆتكردنی دانیشتنی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ رایانگه‌یاند، ویستویانه‌ ئەو پەیامە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان رابگەیەن كە بابەتی گرنگ هەبوو بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامە كاری دانیشتنەكەی پەرلەمان، بەڵام رێگایان پێنەدرا قسە بكەن.
رونیشیانكردەوە: پرسی چارەسەركردنی  لێبڕینی موچەی فەرمانبەران خواستی زۆربەی پەرلەمانتارانە‌و ئەوان دەیانەوێ پەرلەمان بەبڕیارێك حكومەت ناچار بكات كۆتایی بەو لێبڕینە بهێنرێت، بەڵام ئامادەنەبوو ئەو كارە بكات، ترسیشیان لەوەش هەیە  ئەو پارەی بەهۆی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەمێنێتەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنرێ.
هەردوو پەرلەمانتارەكە ئەوەشیان خستەڕوو: ئەو داهاتەی ئێستا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت زۆر لەوە زیاترە كە بۆ مووچەی فەرمانبەران كوردستان بەبێ لێبڕین پێویستە، بەجۆرێك  بەداهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی نانەوتی و هاوكاری هاوپەیمان مانگانە دەگاتە نزیكەی یەك ترلیۆن و 412 ملیار دینار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group