ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و شانده‌كه‌ی ئه‌مریكا راگه‌یه‌نرا

05/05/2021

نه‌وا
شاندی باڵای ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات کردووەتەوە و شاندەکەش بە نێچیرڤان بارزانییان راگەیاندووە "هەر لە سەرۆک بایدنەوە تاوەکو بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەمریکا، دۆستی زۆرتان لە واشنتن هەیە".
 بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای ئه‌مریكی كرد  و شانده‌كه‌ دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌ جۆ بایدنه‌وه‌ تاوەکو به‌رپرسانی باڵای دیكه‌ی ئه‌مریكا، دۆستی زۆرتان له‌ واشنتن هه‌یه‌ و ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مریكا له‌ پشتگیری و یارمه‌تیدانی ئێوه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت".
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئیدارەی بایدن، به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ هاوبه‌شی و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانێت و گرنگی به‌ پته‌وكردنی هاریكاریی درێژخایه‌نی نێوانیان ده‌دات.
 گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق ـ ئه‌مریكا و گرنگیی به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان تیایدا، یادی 30 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی نه‌وای ئارام و رۆڵی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ پاراستنی گه‌لی كوردستاندا، دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ماهه‌نگییان بۆ به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق، دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیکەی هاوبەش، چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group