موشەكە چینییەكە كەوتە سەر زەوی

09/05/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
دوای زیاتر لە هەفتەیەك مشتومڕ لەسەر كات و شوێنی كەوتنە خوارەوەی موشەكە چینییە لە كۆنترۆڵ دەرچووەكە، لەكۆتاییدا بەشی سەرەكی لە زەریای هیندیدا كەوتە سەر زەوی و هیچ زیانێكی لێ‌ نەكەوتەوە.
تەلەفزیۆنی فەرمی چینی لە زاری نوسینگەی چین بۆ ئەندازیاری بۆشایی ئاسمان بڵاویكردووەتەوە، بەشی سەرەكی موشەكی "لۆنگ مارچ 5 بی" لە 9ی ئایاری 2021 كاتژمێر 2 و 24 خولەك بەكاتی گرینیچ كەوتە خوارەوە.
رونیشكراوەتەوە، ئەو بەشە گەورەی موشەكەكە لەكاتی گەڕانەوەدا لەناوچووە و بووە بە چەند بەشێكەوە و لە دەریای هندی كەوتووەتە خوارەوە.
لای خۆشیەوە خزمەتگوزاری "سپەیس تراك" كە داتا سەربازییەكانی ئەمریكا بەكاردەهێنێت رایگەیاندوە، موشەكە چینییەكە كەوتە خوارەوە.
پێشتریش شارەزایان پێشبینی ئەوەیان دەكرد، موشەكە چینییەكە بكەوێتە زەریای هندییەوە چونكە ئاو 70%ی زەوی دادەپۆشێت، بەڵام گەڕانەوەی تەنێكی گەورەی لەو شێوەیە بە ناڕێكی كە 18 تۆن دەبوو ترسی ئەوەی دروستكردبوو لەسەر وشكانی بكەوێتە خوارەوە زیانی لێ بكەوێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group