فازڵ نەبی: ئەم مانگی پشكی هەرێم رەوانە دەكرێت

09/05/2021

نەوا-
فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: حكومەتی عێراق ئەم مانگە پشكی هەرێم لە بودجە رەوانە دەكات و رەوانەكردنیشی بەبێ‌ كێشە پێویستی بەوەیە ئەو لیژنەیەی بەغدا پێكیهێناوە نوێنەری هەرێمی تێدابێت.
فازڵ نەبی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتوە: دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئەوەی لەم مانگەوە بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بكەن، ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەم مانگەوە هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق پابەندی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا بێت.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەوەی جێگەی تێبینییە ئەوان لیژنەیەكیان لە مەكتەبی سەرۆكوەزیران پێكهێناوە، ئەگەر نوێنەری هەرێمی لەگەڵدا نەبێت هەندێك زەحمەتە و ئەگەر لەگەڵیدا بێت ئەوكات كارەكان ئاسانتر دەبن و پشكی هەرێم زووتر و ئاسانتر و وەكو خۆی رەوانە دەكرێت بێ كەموكوڕی.
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق پێشی وایە: دوو كێشە هەیە چارەسەر بكرێن، ئەوانیش داهاتی هەرێم كە نیوەی رادەست دەكرێت لەگەڵ نەوت حیساب دەكرێت كە 250 هەزار بەرمیلە و دیار دەبێت پشكی هەرێم چەندە و رەوانەی دەكەن، بۆیە ئەگەر كەسانی تایبەتمەند دیاری بكەن، زۆر بە ئاسانی پشكی هەرێم دیار دەبێت و مانگانە بێ كێشە رەوانە دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group