وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێكی لەسەر هێرشەكانی داعش بڵاوكردەوە

12/05/2021

نەوا-
وەزارەتی پێشمەرگە جەختلەوەدەكاتەوە، گروپە تیرۆرستیەكان جوڵەو بزاوتەكانیان زیادبووە و لەئێستادا شێوازی شەڕ و پەلاماردانیان گۆڕیوە و بەردەوام مەترسی دروست دەكەن، بۆ رێگریكردن لە هێرشەكانیشیان پێویستیان بە رێكەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەماوەی رابردودا چەندین جار هۆشداریمان دابوو لە ئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان رێكبخەنەوەو لە ئێستادا لە شێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەركەوتونەتەوە بۆ سەلماندنی ئەو راستیەش ماوە ماوە كردەوەیەكی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
رونیشكراوەتەوە، چەكدارانی داعش شەوی 11ی ئایاری 2021 پەلاماری سەنگەرێكی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەیاندا لەسنوری قەزای كفری و لە ئەنجامی ئەو پەلامارە پێشمەرگەیەك شەهیدبوو، پەلامارەكە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بەرپەرچ  دراوەتەوە و تیرۆریستان راونران.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشداوە، جارێكی تر دوپاتی دەكەینەوە كە تیرۆرستان جوڵەو بزاوتەكانیان زیادبووە و لەئێستادا شێوازی شەڕو پەلاماردانیان گۆڕیوە و بەردەوام مەترسی دروست دەكەن، بۆ رێگریكردن لەم رووداوانە و تێكشكاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە رێككەوتنێكی گشتگیر و هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عێراقدا.
ئەوەش هاتوە، بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگە لەئاست ئەو كردەوانە بێدەنگ نابێت و لەكاتی خۆیدا وەڵامی توندی  دەبێت، دڵنیاییش دەدەین بەخەڵكی كوردستان كە ئاسایشی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە پارێزراوەو پێشمەرگەش جێگای باوەڕو متمانەی  هەمولایەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group