لە ئەمریكا خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتی فەلەستین رێكخرا

16/05/2021 جیهان

نەوا-
هەزاران كەس لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە رژانە سەر شەقامەكان و داوا لە جۆ بایدن سەرۆكی وڵاتەكەیان كرد كە پاڵپشتی تەلئەبیب نەكات.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، لە ناوچەی بای ریفەر لە برۆكلینی سەربە ولایەتی نیویۆرك زیاتر لە 2 هەزار كەس رژانە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانێكیان بۆ پشتگیری كردنی فەلەستین ئەنجامدا.
بەپێی زانیاریەكان، لە چەندین شاری تری ئەمریكاش خۆپیشاندانی هاوشێوە بەڕێوەچوون بەتایبەتی لە واشنتۆن و دێربۆرن و میشیگان.
لای خۆیەوە ئەلیسۆن زامبرانۆ، خوێندكار و یەكێك لە خۆپیشاندەران ئاماژەی بەوەداوە، فەلەستین مافی ژیانی ئازادانەی هەیە و نابێت منداڵانی غەزە بكوژرێن، لای خۆشیەوە ئەحمەد فەلەستینی تەمەن 73 ساڵ كە ماوەی 50 ساڵە لە نیویۆرك دەژی وتویەتی، داوا لە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و حكومەتەكەی دەكەن بوەستن لە پشتگیری كردنی كوشتن، پاڵپشتی قوربانیان بكەن و لەناوبردن بوەستێنن.
هاوكات لە چەندین شاری وڵاتە ئەوروپییەكان و كەنەدا هەزارەها كەس رژانە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتی كردنی فەلەستین رێكخرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group