سوپای عێراق: هەماهەنگیی باشمان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە هەیە

17/05/2021 عێراق

نەوا-
سوپای عێراق رایگەیاند، كە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، هەماهەنگیی باشیان لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە هەیە.
لەمبارەیەوە لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە كە تا ئێستا گفتوگۆی چڕی ئەمنی لەنێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە رەوشی ئەمنی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەنجامدراوە و وتی: "لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، هەماهەنگیی باش لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان هێزەكانی فیدراڵی و هێزەكانی پێشمەرگە هەیە".
باسی لەوەشكردووە، كە ناوەندەكانی هەماهەنگیی ئەمنی لەنێوان هێزەكانی فیدراڵی و پێشمەرگە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە هەولێر و بەغدا كراونەتەوە و وتی: "بەم زووانەیش ناوەندە هەماهەنگییە ئەمنییەكانی نێوان هێزەكانی فیدراڵی و پێشمەرگە لە دیالە، نەینەوا و كەركووك دەكرێنەوە".
ئەمەیش لە كاتێدا لە نۆی ئەم مانگە شاندێكی ئەمنی عێراق بە سەرۆكایەتی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، قاسم ئەعرەجی سەردانی هەولێر-ی كردبوو.
پێشتر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر رایگەیاندبوو كە لە میانی سەردانی شاندە ئەمنییەكەی عێراق بۆ هەولێر رێككەوتنكراوە لەسەر ئەوەی كە دوای جەژنی رەمەزان، ناوەندە هەماهەنگییە هاوبەشەكان لەنێوان هێزەكانی فیدراڵی و پێشمەرگە لە دیالە، كەركووك و نەینەوا بكرێنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group