ژووری ئۆپەراسیونی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق دەستبەكاردەبێت

17/05/2021

نه‌وا

فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە رایگەیاند: سبەینێ لەقۆناغی یەكەمدا ژووری ئۆپەراسیونی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق دەستبەكاردەبێت.

 مەحمود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە له‌ لێدوانێكدا رایگەیاندوه‌، سبەینێ لەقۆناغی یەكەمدا ژووری ئۆپەراسیونی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق لەسنوری موسڵ و كركوك و دیالە و مەخمور دەستبەكاردەبێت.
ناوبراو ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، وەفدێكی سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی 70 بۆ رێكخستنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق سەردانی میحوەری گەرمەسێرو كوڵەجۆیان كردوە.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ لەماوەی رابردوودا بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لەناوچەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، چەکدارانی داعش چەند جارێك هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بەهۆیەوە ژماره‌یه‌ك پێشمەرگە شەهید و برینداربوون، دواتر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "دوپاتی دەكەینەوە كە تیرۆرستانی داعش جوڵەو بزاوتەكانیان زیادبووە و بەردەوام مەترسی دروست دەكەن، بۆ رێگریكردن لەم رووداوانە و تێكشكاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە رێككەوتنێكی گشتگیر و هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عێراقدا".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group