مەسرور بارزانی: بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە كە هیچ نیگەرانی لای جووتیاران نەمێنێت

17/06/2021

نەوا-
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەرنامەی حكوومەتەكەی رەواندنەوەی نیگەرانیی جووتیارانی كوردستانە.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی كارگەی جووتیار بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر لە پەتاتەی لە ناحیەی روڤیای سەر بە پارێزگای دهۆك دانا و لە وتەیەكیشدا رایگەیاند: كەرتی كشتوكاڵی یەكێكە لە بناغە بنەڕەتییەكانی پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێك. هەر پڕۆژەیەك دەبێتە بناغەی دامەزراندنی چەندین پڕۆژەی دیكەش. ئەم پڕۆژەیەك هەزاران هەلی كار دروست دەكات، كە ئەمەش پشتیوانێكی زۆرە تاوەكوو ئێمە پشت بە خۆمان ببەستین و چیتر ناچار نەبین بەرهەمی بیانی هاوردەی كوردستان بكەین، ئەمەش پشتیوانێكی زۆرە بۆ ئەوەی كەرتی پیشەسازی و بازرگانی هەنگاو هەنگاو بەرەو پێش بچێت.
راشیگەیاند: ئەو جووتیارانەی پەتاتە یان گەنم دەچێنن، پێویستە دڵنیابن كە بەرهەمەكانیان ساغ دەكرێتەوە. بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە كە هیچ نیگەرانی لای جووتیاران نەمێنێت و گرنگی بە بەرهەمی خۆیان و جۆرەكانیان بدەن، لە خەمی ساغكردنەوەدا نەبن، حكوومەت لە وەرگرتن و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانتان پشتیوان دەبێ و لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دۆست و ئەورووپاش لە هەوڵداین بازاڕێك لە دەرەوە بدۆزینەوە و بە سوپاسییەوە دەرفەتێك هەیە و وەزارەتی كشتوكاڵیش بە سوپاسەوە كاری لەسەر دەكات.
سەرۆكی حكومەت باسی لەوەشكرد: داوای من لە جووتیاران ئەوەیە كە گرنگی بە جۆری بەرهەمی خۆیان بدەن، دەمانەوێ كوردستان بە جۆری بەرهەمەكەی و تام و چێژەكەی بناسرێتەوە و ببێتە ناونیشانێك بۆ بەرهەمی كوردستان كە لە دەرەوە دەفرۆشرێت.
پرۆژەی كارگەی جوتیار بە پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە پاڵپشتی هۆڵەندا  و بە بڕی نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group