پەرلەمانتارێك: رادەستكردنی پارە بە هەرێمی كوردستان تاڵانكارییە

17/06/2021

نەوا-
رەخنەكان لەسەر بڕیاری ناردنی بەشێك لە بودجەی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و مەنسور بعێجی ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، رادەستكردنی هەر بڕە پارەیەك بە هەرێم لە دەرەوە یاسای بودجە بەتاڵانبردنی پشكی پارێزگاكانی ترە.
مەنسور بعێجی لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی هەرێم ئەوەی لەسەریەتی و لە یاسای بودجە رێكەوتنی لەسەر كراوە رادەست ناكات، كەواتە حكومەتی ناوەند پشتی بە چی بەستووە بۆ خەرجكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشداوە، خەرجكردنی پار بۆ هەرێم بەبێ‌ ئەوەی دینارێكی رادەست كردبێت، بەتاڵانبردنی پارەی پارێزگاكانی ترە و بەهیچ شێوەیەك ناكرێت بێدەنگی لێبكرێت و پێویستە پەرلەمانتارانی پارێزگاكانی تر هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ پاراستنی مافی پارێزگاكانیان كە لەدوای كەوتنی رژێمی پێشوو رووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەتەوە.
بعێجی جەختلەوەشدەكاتەوە، دژی ئەوە نین پشكی هەرێم بدرێت بەڵام لەسەر حكومەتی هەرێم پێویستە كە پابەندبێت بە یاسای بودجەوە و ئەوەی لەسەریەتی رادەست بكات وەك پارێزگاكانی تر، بۆیە پێویستە یاسا بەسەر هەمواندا جێبەجێ بكرێت، هەر لایەنێكیش چاوپۆشی لە یاسای بودجە بكات ئەوا بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەر شانی و لەناو پەرلەماندا لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group