دەستەی وەبەرهێنان: لەمەودوا پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە قازانجی هاوڵاتی و حكومەتیشدا دەبن

17/06/2021

نەوا-
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، كۆمەڵێك رێنمایی نوێیان دەركردووە، كە لەمەودوا هەر پڕۆژەیەك ئەنجام بدرێت، لە بەرژەوەندیی وەبەرهێنەر و هاووڵاتی و حكوومەت دەبێت.
محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بە میدیای فەرمی پارتی وتووە: هەندێك رێنمایی و بڕیاری نوێیان دەركردووە لەبارەی كرێ و رێكخستنەوەی كەرتی ئابووری و بە جۆرێكیش خۆیان رێك دەخەینەوە، كە حكوومەت و خەڵك و وەبەرهێنەر لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان قازانج بكەن و سوودمەند بن، نەك تەنها وەبەرهێنەر، بۆیە پێویستە هەر سێ لایەن قازانج بكەن".
لەبارەی رێنماییەكانەوە، شوكری وتی: "یەكێك لە رێنماییەكان وەرگرتنی كرێی خزمەتگوزاری لە بواری وەبەرهێنانە و لە هەر پڕۆژیەكی وەبەرهێنان 1% بۆ حكوومەتە و كارە كارگێڕییەكانیش رێك دەخرێنەوە، بۆ ئەوەی رۆتین نەمێنێت، لەگەڵ تەرخانكردنی زەوی بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان و وەرگرتنی كرێی تاپۆكردن و پەلەكردن لە تاپۆكردنی پڕۆژەكان، بە تایبەت نیشتەجێبوون و ئەو پڕۆژانەی كە كاتی خۆی دەستیان پێكراوە و تەواو نەكراون، بڕیارە رێكاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتە بەر و تەواو بكرێن، كە نزیكەی 20پڕۆژەن و حكوومەتیش مەرجێكی داناوە و ئەوەی تەواوی بكات، پێویستە بەشێكی بۆ خەزێنەی حكوومەت بێت، كە لە چەندین بواردان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group