وەزیری تەندروستی: نەخۆشخانەی هیوا نەدادەخرێت و نەدەدرێت بە كەرتی تایبەت

19/06/2021

نه‌وا
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم دوای ئەوەی رۆژی شه‌ممه‌ سەردانی نەخۆشخانەی هیوا كرد ڕایگەیاند، نەخۆشانی شێرپەنجە دڵنیا دەكەینەوە نەخۆشخانەكە نەدادەخرێت و نەدەدرێت بە كەرتی تایبەت، وتیشی: مووچەیەك بۆ ئەو كارمەندانە دابینكراوە كەدوای دەوامی فەڕمیان لە نەخۆشخانەكەدا كار دەكەن.

 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ من و بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی، جەختی لە پاڵپشتی حكومەت و بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانەكەی كردەوە.
وتیشی: دڵنیایی دەدەینە نەخۆشان و خانەوادەكانیان كە خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانەكە بەردەوام دەبێت، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە باس لە داخستنی نەخۆشخانەكە یان پێدانی بەكەرتی تایبەت دەكەن.
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشكرد، بەشەكانی نەخۆشخانەكە بەردەوام لەكاردا دەبن بە ڕۆژ و شەو بۆ ئەوەی نەخۆشان لەكاتی خۆیدا چارەسەرەكان وەربگرن و مووچەیەك دەدرێت بەو كارمەندانەی كە لەدوای دەوامی فەڕمی خۆیان لە نەخۆشخانەكەدا كار دەكەن و بۆیەكەمین جار ئەو بڕیارە بە 12 ڕێنمایی ڕێكخرا و لە ساڵانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، داواکارییەکانی کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و خەرجییەکانی دیکەی نەخۆشخانەکە بەگوێرەی یاسا رێکخراوەتەوە و لە 13ی ئەم مانگەوە بڕیاردراوە مانگانە 941 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە و تالاسیما خەرج بکرێت، کە بەشی سەرەكی شێرپەنجە 788 ملیار دینارە و پشكی پارێزگای سلێمانی زیاترە لە 504 ملیۆن دینار و پارێزگای هەولێر زیاترە لە 182 ملیۆن دینار و پارێزگای دهۆكیش زیاترە لە 100 ملیۆن دینار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group