نەتەوە یەكگرتووەكان: تەنها ساڵی رابردوو ئێران 267 كەسی لەسێدارەداوە

24/06/2021 جیهان

نەوا-
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، رژێمی ئێرانی رێوشوێن و تۆقاندنێكی فراوان پەیڕەو دەكات و میللەتەكەی ناچار بەبێ‌ دەنگی دەكات، بەپێی داتاكانیش تەنها لەساڵی رابردوودا 267 كەسی لەسێدارەداوە.
لە راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە، رووخانی ئابوریی و ئاستی بژێوی و پەستانە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان كە پەتای كۆرۆنا دروستی كردوون، بووەتە هۆی تووڕەبوونی گەلی ئێرانی و دەربڕینی ناڕەزایی، رژێمی ئەو وڵاتەش هیچ نیازێك بۆ چاكسازی پیشان نادات.
میشێل باشلیت كۆمسیاری مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەداوە، ئێران بەردەوامە لە بەكارهێنانی سزای لەسێدارەدان بەشێوەیەكی فراوان تەنانەت بۆ چەند جۆرە تاوانێك كە مەترسیدار نین، تەنها لەساڵی 2020دا لانیكەم 267 كەس لەسێدارە دراون بەڵام تەنها 91یان راگەیەندراون، لەسێدارەدراوەكان 9یان ژن بوون، هەروەها لەسەرەتای ئەمساڵەوە 95 كەسی تر لەسێدارەدراون كە 6یان ژن بوون و زیاتر لە 80 كەسی پێنەگەیشتووش چاوەڕێی سزای لەسێدارەدانن و ئەگەری هەیە كتوپڕ 4یان لەسێدارە بدرێن.
راپۆرتەكە جەختیلەوەشكردووەتەوە، كەمە ئایینی و نەتەوەییەكان و كەمایەتییەكانی تر بەشێویەكی تایبەت مەترسی پێشێلكاری و دیارنەمان و لەسێدارەدانیان لەسەرە، هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەی نادروست دژی خۆپیشاندەران و كەسانی ئاسایی هێز بەكاردەهێنن، ئەوەش سەرەڕای تۆقاندن و دەستگیركردن و راوەدونانی یاسایی بەرگریكارانی مافی مرۆڤ و پارێزەران و رۆژنامەنوسان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group