لە 2019دا بە هۆی مادە هۆشبەرەکانەوە 36 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون

24/06/2021 جیهان
نەوا
بەپێی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2019دا 36 ملیۆن کەس بە هۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون.
لە راپۆرتێکدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەکردووە، لە ساڵی 2019دا، 275 ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهان مادەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، کە بەهۆیانەوە 36 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون و لەو کەسانەشی کە ئالودەی مادەهۆشبەرەکان بوون لە هەر هەشت کەسیان لە ساڵی 2020دا یەک کەسیان توانیویەتی هاوکاری پزیشکی پرۆفیشاڵانە وەربگرێت.
هەر لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە، کە لە 2019دا لە کۆی ئەو کەسانەی گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بوون 11 ملیۆن کەسیان لە رێگەی دەرزییەوە ئەو مادەیەیان بەکارهێناوە و لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 400 هەزار کەسیان هەڵگری ڤایرۆسی HIVن و پێنج ملیۆن و 600 هەزار کەسیشیان نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر لە جۆری Cیان هەیە.
وەک نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بۆ کردووە، لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2019 رێژەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان بە نزیکەی 22٪ زیادی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە لەو ماوەیەدا ژمارەی دانیشتوانی جیهان بە رێژەی 10٪ زیادی کردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group