جوتیار عادل: بەردەوامین لە کارکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێم

28/07/2021

نەوا
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەردەوامن لە کارکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێم و لە ئایندەدا رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن، دەشڵێت نەهێشتنی لێبڕین پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوە نییە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەردەوامبوونی ناردنی 200 ملیار دینارەکە لەبەغدا رایگەیاند: "ئێمە هەنگاوی باشمان ناوە لە گفتوگۆکان لەبارەی ناردنی 200 ملیار دینارەکە و هیوادارین ناردنی ئەو بڕە پارە بەردەوام بێت".
سەبارەت بەوەی کە ئایا هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچە پەیوەستە بە نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، جوتیار عادل وتی: "حکومەت حیزب نییە بۆ ئەوەی پڕوپاگەندە بۆ خۆی بکات، بۆیە هیچ پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانەوە نییە".
 لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل وتی، "بەردەوامین لە کارکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێم و لە ئایندەدا رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەکەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group