دۆسیەی مووچەی پلە باڵاكان یەكلا دەكرێتەوە

28/07/2021

نه‌وا
جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، لە كۆی ئەو بەدواداچوونانەی كراون، تا ئێستا دۆسیەی هه‌زار و 418 كەس، كه‌ بە پلەی باڵا خانەنشین كراون یەكلا كراوتەوە، كە لەو ژمارەیە دەركەوتووە 715 كەس بە نایاسایی خانەنشین كراون.

 سەعید هەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندوه‌، "لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا وەك لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ یەكلاكردنەوە و وردبینیكرن لە دۆسیەی مووچەی پلە باڵاكان (وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژكارەكان، ئەندامانی پەرلەمان)، بۆ ئەوەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا كۆبووینەوە".
ناوبراو وتیشی: "خۆشبەختانە ئەوەی تا ئێستا كراوە ئەنجامی دڵخۆشكەر هەبووە و توانیمان بگەینە دەرەنجامێكی ڕوون، بۆ نموونە، وردبینی لەسەر 80 فایل كراوە و تەنها 33 كەس پلەی حەقیقیی وەزیریان هەیە، 168 كەس بە بریكاری وەزیر خانەنشین كراون. هەروەها وردبینی لە فایلی 148 كەس كراوە و دەركەوتووە تەنها 67 كەس پلەی فیعلیی بریكاری وەزیریان هەیە و 81 كەسیش  هیچ ئەوەلیاتێكیان نەبووە، بە دیاریكراویش تا ئێستا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی 1418 كەس لە پلە باڵاكان تەواو بووە و تەنها 52 ناو ماون، كە لەم ڕۆژانەدا یەكلا دەبێتەوە".  سەعید هەركی ئه‌وه‌شی رونكردۆته‌وه‌، "بەپێی بڕیاری 76ی ئەنجومەنی وەزیران، هەر كەسێك بە پلەی نایاسایی خانەنشین كرابێت و ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو پلەیەیان نەبینبێت، لێیان وەردەگیرێتەوە و مووچەكانییان ڕادەگیرێت، بێگومان ڕەنگە لە یەك تا دوو مانگی داهاتووشدا تەواوی ئەو مووچانە ڕابگیرێن، چونكە هێشتا وردبینكردن لە ناوەكان بەردەوامە".
ڕاشیگەیاند، هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەوان، ئەو مووچەیەی كە مانگانە بۆ پلە باڵاكان خەرج كراوە، نزیكەی 4 ملیار دینار بووە، بۆیە  ئەگەر پرۆژەی چاكسازی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بۆ هەر مانگێك دوو ملیار و هەروەها كۆی ساڵانەش 24 ملیار بۆ سەرەوە بۆ خەزینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group