پۆلیسی دارستانی سلێمانی: بەڕێوەبەر و شەش كارمەندمان لە تووەسپی برینداربوون

22/09/2021

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی بڕیاری دادوەر وەرگیرا بۆ ڕێگریكردن لە دیاردەی زیادەڕۆیی و دروستكردنی خانوو بەشێوەی سەرپێچی و دوور لە یاسا لە تووە سپی، گرژی روویدا و بە هۆیەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگە و شەش لە كارمەندەكان برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "ئێوارەی رۆژی سێشەممە دوای ئەوەی بڕیاری دادوەر وەرگیرا بۆ ڕێگریكردن لە دیاردەی زیادەڕۆیی و دروستكردنی خانو و بەشێوەی سەرپێچی و دور لە یاسا، مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان بە سەرپەرشتی ئاری ڕەئوف سابر بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی و چەند ئەفسەرێك چونە سنوری گوندی توە سپی".
ئاماژەی بەوەشكردوە، لەكاتی ڕێگریكردن لە دروستكردنی چەند كۆگا و خانویەكی تازە دروستكراو گرژیی و ئاڵۆزی لەنێوان سەرپێچیكاران و مەفرەزەكانی پۆلیس ڕوویدا، بەجۆرێك كە لەناو قەرەباڵغیەكەدا تەقە لەهێزەكانی پۆلیس كرا و بە دار و بەرد روبەڕوی مەفرەزەكان بونەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانی باسی لەوەشكرد، لەئەنجامی ئەو رووبەرووبوونەوەیە بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی و شەش لە كارمەندەكان برینداربوون و لە ئێستاشدا پەڕاوی لێكۆڵینەوە ڕێكخراوە بۆ بەدواداچون وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group