سەعدی پیرە: پێویستە سزای ئەوانە بدرێت كە بوونە هۆكاری جینۆسایدی ئێزیدییەكان

22/09/2021

نەوا-
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، پێویستە ئەوانەی كەمتەرخەمبون بەرامبەر پارستنی شنگال و ئێزیدییەكان لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەكەی سەعدی ئەحمەد پیرە لە كۆبونەوەیەكی جەماوەریدا لە سنوری پارێزگای نەینەوا رایگەیاندوە، " ئەوانەی لەم دەڤەرەوە دەچنە پەرلەمان پێویستە نوێنەرایەتی خەڵكی شێخان و دەوروبەری بكەن، پێویستە لەبنەڕەتدا خۆی خەڵكی ئەو ناوچەیە بێت، چونكە باشتر لە كێشە و ئازار و مەینەتییەكانی كۆمەڵانی خەڵك تێدەگات و دڵسۆزانەتر هەوڵ دەدات بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكانیان لە بەغدا.
سەعدی پیرە لەبارەی هێرشی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا و شنگال رایگەیاند، "ئێمە پێمان وایە ژماردنی فەرمانەكانی سەر ئێزیدییەكان بەس نیە بۆ خستنەڕووی تاوانەكان، بەڵكو پێویستە بەشێوەیەكی جددی كار لەسەر سزادانی ئەوانە بكرێت بونە هۆكاری ئەو جینۆسایدەی لە ئابی 2014 بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكان هێندرا". 
ئەوەشی خستەڕو، "راستە لەروی سەربازییەوە داعش تێكشكێندراوە، بەڵام پێویستە لەپێناو دوبارە نەبونەوەی فەرمانێكی تر بەسەر ئێزیدییەكان پارێزبەندی نێودەوڵەتی بۆ ئێزیدییەكان گەرەنتی بكرێت، پێویستە ئەوانەی كەمتەرخەمبوون بەرامبەر پارستنی شنگال و ئێزیدییەكان لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group