کچێکی کورد دەبێتە گەنجترین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئایسڵەند

26/09/2021

نه‌وا
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئایسڵەندا، بۆیەکەمجار کچێکی کوردی ته‌مه‌ن 22 ساڵ وەک گەنجترین پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا.

 رۆژی 25ی ئەیلول، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئایسڵەند بەڕێوەچو و رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 26ی ئەیلول ئەنجامەکەی راگەیەنرا، کە تیایدا کچە کوردێک بە ناوی (لەنیا تەها کەریم)، تەمەن 22 ساڵ، وەک بچووکترین ئەندام پەرلەمانی ئایسلەند هەڵبژێردرا. 
لەنیا لەدایکبوی ساڵی 1999ی ئایسڵەندایە و بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتەش هەر کەسێک تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتر بێت مافی خۆ کاندیدکردنی بۆ پەرلەمان هەیە، بۆیە لەنیا دەبێتە بچوکترین پەرلەمانتار لەم خولە و لەمێژوی ئەو وڵاتەشدا کە خاوەنی کۆنترین پەرلەمانە لەجیهاندا.
لەنیا پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوەکردبوو: "من لە ئایسلەند لە دایکبووم و گەورە بووم. زمانی ئایسلەندی زۆرباش دەزانم، بەڵام هاوکات دەشزانم کە من بە بنەچە لە خێزانێكی کۆچبەرەوە هاتووم".
به‌پێی زانیارییه‌كان، باوکی لەنیا خەڵکی سلێمانییە و دایکی خەڵکی هەڵەبجەیە، باوکی پێشوتر هەر لەو وڵاتە ژیاوە، بەڵام دایکی لەساڵی 1996ەوە چوەتە ئایسلەند و لەنیا تەها لەوێ لەدایک بوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group