ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا راگەیەنرا

26/09/2021 جیهان

نەوا
بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی گشتیی ئەڵمانیا، پارتی سۆسیال دیموکرات دەنگەکانی رووی لە هەڵکشان کردووە و پێش هاوپەیمانی کریستییان دیموکراتەکان کەوتوەتەوە، کە لە ساڵی 2005ەوە بە سەرۆکایەتی مێرکڵ لایەنی یەکەمی پەرلەمان و حکومەت بوو.
میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، سۆسیال دیموکراتەکان 25.8٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە و بەمەش دەبنە گەورەترین حزبی پەرلەمان و 205 کورسییان مسۆگەر کردووە.
ئەم حزبە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی ساڵی 2017 بە رێژەی 5٪ دەنگەکانی زیادی کردوە.
هەرچی هاوپەیمانی  کریستییان دیموکراتەکانیشە لاوازترین ئەنجامی مێژووی خۆی بەدەستهێناوە و رێژەی دەنگەکانیان 24.3٪یە و بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێشوو بە رێژەی 8٪ دەنگەکانی کەمی کردووە.
پارتی سەوزەکانیش، بە بەدەستهێنانی رێژەی 14.5٪ی دەنگەکان، ئەمجارەیان بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێشوو دەنگەکانی نزیکەی دوو هێندە بەرزبوونەوە.
بە پێی ئەم ئەنجامانە بێت ئۆڵاف شوڵتس کاندیدی سۆسیال دیموکراتەکان چانسی زیاترە بۆ ئەوەی ببێتە راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا و جێگرەوەی ئانگێلا مێرکڵ، کە ماوەی 16 ساڵ لەو پۆستەدا بوو.

لە هەشت ساڵی رابردوودا کریستیان دیموکراتەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکان حکومەتیان پێکهێنابوو، بەڵام ئەمجارەیان لە ئەگەری بەردەوامی هاوپەیمانیەکەیان، سۆسیال دیموکراتەکان ئەرکی پێکهێنانی حکومەتیان پێدەسپێردرێت.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group