تاڵیبان دەگەڕێتەوە بۆ دەستوری سەردەمی زاهیر شا

28/09/2021 جیهان

نەوا
وەزیری دادی تاڵیبان رایگەیاند: بە شێوەیەکی کاتی کار بە دەستووری هەمیشەیی سەردەمی زاهیر شا دەکەن، تەنها هەندێک بڕگە و ماددەی ئەو دەستورە رەتدەکەنەوە.
عەبدولحەکیم شەرعی وەزیری دادی تاڵیبان لە دیدارێکدا لەگەڵ وانگ یو باڵیۆزی چین لە کابوڵ رایگەیاند: بزوتنەوەکەیان بە تەواوەتی دەستەری سەردەمی حکومەتی پێشوو کە لە ساڵی 2004 ئامادەکرابوو رەتدەکاتەوە، لە بری ئەوەس بە شێوەی کاتی کار بە دەستووری ساڵی 1964 دەکەن، کە لە سەردەمی زاهیر شا ئامادەکراوە.
روونیشیکردوەتەوە، هەندێک لە بڕگە و مادەکانی دەستوری 1964 کە پێچەوانەی شەریعەت و ئایینی ئیسلامن کاریان پێناکرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو یاسا و رێککەوتننامە نێودەوڵەتیانەی دژی ئایینی ئیسلام و بنەماکانی ئیمارەتی ئیسلامی نین، لە لایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە رێزیان لێدەگیرێت و جێبەجێ دەکرێن.
بەپێی دەستوری سەردەمی پاشایەتی ئەفغانستان دەسەڵاتەکان جیانەکرانەتەوە و پادشاش لەسەرووی پەرلەمان و دامەزراوەکانی دیکەوەیە و ناتوانرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، رەنگە ئەمەش هۆکار بێت بۆ ئەوەی تاڵیبان ئەو دەستورەی بەلاوە پەسەند بێت، نەک دەستورەکەی 2004 کە تیایدا باس لە هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کراوە و پرسی رێزگرتن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ چەسپێنراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group