شاندێکی پارتی سەردانی سلێمانی دەکات

17/10/2021

نەوا
بڕیارە شاندێکی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆی گەڵاڵەكردنی سیاسەتێكی هاوبەش لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بكەن.
به‌ گوێره‌ی هەواڵیکی میدیاکانی نزیک لە پارتی، سبه‌ی شانده‌كه‌ی ئەو حزبە لەگەڵ هەریەک لە یەكێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆده‌بێته‌وه‌.
ئاماژەیان بەوەشکردوە: شانده‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و ئه‌ندامێتی هه‌ریه‌ك له‌ مەحموود محەمەد، وته‌بێژ و عەلی حوسێن ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات.
ئەوەش روونکراوەتەوە، کە مەبەست لە سەردانی ئەو شاندەی پارتی بۆ سلێمانی گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی كارنامەیەكی هاوبەشی کوردستانییە بۆ بەغدا و بڕیاریشە پارتی سەردانی لایەنەکانی دیکەش بکات و لەگەڵ هەریەکی لە یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی کوردستان کۆببێته‌وه‌.
سەردانی شاندی پارتی بۆ سلێمانی دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ شه‌وی شەممە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی كۆتایی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی راگه‌یاند و به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌، كه‌ هێشتا له‌ لایه‌ن دادگای فیدراڵییەوە په‌سند نه‌كراون، پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویه‌تی 33 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، كۆی گشتیی كورسی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش گه‌یشتووه‌ته‌ 63 كورسی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group