هۆشیار زێباری: لە ئێستادا سەرقاڵی دانوستانی ناوخۆیین پێش چوونە بەغدا

20/10/2021

نەوا-
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی لیژنەی دانوستانەكانی ئەو حزبە ئاشكرای كرد، لە ئێستادا سەرقاڵی دانوستانی ناوخۆیین لە هەرێمی كوردستان پێش ئەوەی بچنە بەغدا و دەیانەوێت بە كۆدەنگی بچن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان.
هوشیار زێباری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، لەئێستادا لەگەڵ لایەنە كوردیەكان سەرقاڵی دانوستانی ناوخۆیین پێش ئەوەی بچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ لایەنەكان، لە ماوەی داهاتوودا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ ئەو لیژنە دانوستانكارە كۆدەبێتەوە كە دەچنە بەغدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا داواكاریەكانی كورد روونن، ئەوانیش بریتین لە هاوبەشی لە حوكوم، یاسای نەوت و غاز و كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان.
لەئێستادا لەناو سونەكانی عێراقیشدا هەوڵەكان بۆ نزیك كردنەوەی لایەنەكان بەردەوامن و بەهەمان شێوەش لەناو شیعەكاندا هەوڵەكان دەستیان پێكردووە، زۆرینەی لایەنە سیاسیە شیعیەكان "چوارچێوەی تەنسیقی"یان پێكهێناوە، بەڵام تەیاری سەدری كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە لەناو ئەو چوارچێوەكەدا نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group